ئاشتی و هاوئاهەنگی لە وڵاتدا گرنگییەكی زۆری هەیە

فاتما مزورى

11/19/20251 خولەک خوێندن

ئاشتی و هاوئاهەنگی لە وڵاتدا گرنگییەكی زۆری هەیە.

ئاشتی و هاوئاهەنگی لە وڵاتدا گرنگییەكی زۆری هەیە، لە نێو ئەو شتانەی كە ئاشتی بەدەستی دەهێنێت، سەقامگیری و گەشەی كۆمەڵگەیە، بێگومان لە هەر وڵاتێكدا ئاشتی هەبێت لەڕووی ئاسایشی وڵاتەوە لە هەموو روویەكەوە سەقامگیرە، بۆیە بۆ ئەوەی ئێمەی خەڵکی کوردستان خۆمان و نیشتمانەکەمان لە توندوتیژی بپارێزین و ئاشتی و ئارامی بەرقەرار بکەین، پێویستە بەر لە هەر لایەک خەریکی پێگەیاندنی گەنجان و لاوی تازەپێگەیشتوو بین، بە شێوەیەک خۆشەویستی نیشتمانیان لە دڵدا بەهێز بکەین و ئینتیمای نەتەوەییان لا دروست ببێت. بۆ ئەمەش دەبێ بە تێکڕای و بە یەکەوە لە حکومەت و خێزان و و هەتا بوارەکانی پەروەردە و رۆشنبیری و سەکۆ ئاینییەکان و کۆمەڵگە، هاوکار و یەک دەنگ بین بۆ پێگەیاندنی گەنجان و لاوانمان بە شێوەیەکی تەندروست و لەسەر بیر و باوەڕی بەرزی کوردایەتی و دابونەریتە کۆمەڵایەتیە کوردییەکانمان پەروەردەیان بکەین.هەروەها دەبێت حکوومەت لە رێی دامودەزگاکان بەردەوام خولی پێگەیاندن و فێرکردن و راهێنانی هونەری و رۆشنبیری و زانستییان بۆ بکاتەوە و زیاتر پەرە بە بواری وەرزش و هونەر و خوێندنەوە و کولتوور بدات و نەوەیەک بهێنێتە پێشەوە کە هزرێکی جوانی داهێنەرانەو ژیاندۆستانەیان هەبێ و نیشتمانی خۆیان خۆش بوێ، لەهەمانکاتیشدا لێی بەهرەمەند بن، هەروەها حکوومەت دەبێ ستراتیژیەتێکی بەهێزی هەبێ بۆ نەهێشتنی هەموو دیاردەیەکی زیانبەخش لەناو کۆمەڵگەدا.

هەروەها لە سەکۆ و مینبەری هەموو ئایینەکانیشدا کەوا کوردستان نیشتمانی پێکەوەژیانی ئایینەکان و پێکهاتە جیاوازەکانە، روحی برایەتی و ئاشتی و پێکەوەژیان و نیشتمانپەروەری گرنگیی زیاتری پێ بدرێ و هەموو توندوتیژی و توندڕەوییەک رەت بکرێتەوە.

بۆیە گەر گەنجانمان ئاسۆیەکی روونیان لەبەردەمدا هەبێ و دەرفەتی پێگەیاندنیان لە بواری هونەرە جوانەکان بە گشتی و رۆشنبیری و وەرزش و ئابووری و کاردا هەبێ، ئەوا ئەو وزە چالاکەی گەنجان دەچێتە خزمەتی ئاوەدانی وڵات و گەشەکردن و داهێنان، سەرەنجام وڵات پێشدەکەوێ و ژیانی کۆمەڵگاش ئارام و پڕ دەستکەوت دەبێ.

ژلایێ/ ڕۆژنامەنووس فاتما مزوری

١٩.١١.٢٠٢٥ هەولێر